شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: کەوتمە داوی نیگارێ مەهجەبینێ دڵبەرێ کەوتمە داوی نیگارێ، مەهجەبینێ، دڵبەرێ ئیختیارم لا نییە گەر دین و ئیمانم بەرێ سونبولی تەڕ ڕائیحەی کەی نەوعی زولفینت ئەبێ نافەیی ئاهوویی چین باجە کە ئەیخاتە دەرێ هەر سەحەرگاهان ئیفاقەی بێ زەمانی دەردەکەم لەش بریندارم بە تیغی دڵبەرێ، قەدعەرعەرێ پێم بڵێ: بۆ حەلقەحەلقە پەرچەمت کەوتۆتە مل؟ خۆ بە قانوون و نیزام زنجیر لە گەردن ناکرێ ئارەقی سەر ڕوومەتت ئابی حەیاتە، زەمزەمە هەر کەسێ نۆشی بکا تا ڕۆژی مەحشەر نامرێ سینە کوورە، دڵ کەباب و باوەشێنی ناڵەیە ئاوی وەسڵی ئەو نەبێ ئەم ئاگرە دانامرێ بۆ بەخۆڕایی ئەتۆ زێوەر ئەڵێی من موخلیسم کوا ڕەفیقێ؟ کوا شەفیقێ؟ تا جەوابت بۆ بەرێ ++++++++++++++++++++++