شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە کەی بێ دەوایێ بێ بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە، کەی بێ دەوایێ بێ؟ بەسەر چینچینی زولفی تۆ سەحەر بادی سەبایێ بێ پیادەی دڵ لە سەتحی ڕێگەتا پێچوپەنای ناوێ بە ڕوخ ماتی مەکە خەوفت لە حوکم و ئەمری شایێ بێ بە دوو چاو و دوو ئەبرۆ و خەتت و خاڵی شەشدەری لێم گرت لە بنیا داشی دڵ گرژاوە، سا ڕەببی گوشایێ بێ بە جان و دڵ، سەروماڵ، دین و ئیمان هاتمە کۆیی تۆ بە ڕەسمی دوشمنی لاوە، خودا تووشی بەڵایێ بێ لە دڵما زەهری هیجرانت بە سەد پیاڵەی شەراب ناڕوا چ نەفعی بۆ منە موتریب بە سەد ساز و نەوایێ بێ؟ لە بەختی من دوو ئەبرۆت هەر وەکوو شمشێری بوڕڕانە بە من چی بۆ ڕەقیبان گەر وەکوو باڵی هومایێ بێ دەڵێ زێوەر هەتا ماوم لە وەسڵت نائومێد نابم ئومێدم هەر هەیە جارێ کە تەئسیری دوعایێ بێ ++++++++++++++++++++++