شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ ڕەنگە لە فەلەک جەمعی مەلائیک بنوێنێ تیغی خەمی ئەبرۆی ئەگەر بێتە بزووتن زنجیری ئەمەل، ڕشتەیی ئیمان ئەپسێنێ هەر لەحزە بە شوعلە و ڕوخی گوڵئاتەشیی خۆی لەم بۆتەیی سینە مسی قەڵبم ئەتوێنێ بونیادی خەیاڵم کە ئەشوبها بە دەماوەند هەر لەحزە بە تیرێکی موژەی دای ئەڕووخێنێ وا سووڕەتی وا سیرەتی هەر عەینی کەماڵە جارجارە بە شەرمێکەوە عاشق ئەدوێنێ خەرمانی وجوودی بە خوا دوورە لە ئافات هەر کەس لە دڵا توخمی وەفای ئەو بڕوێنێ ئیعجازی مەسیحا لە لەبی پڕ شەکەرایە سەد موردە ئەکا زیندە و زیندە ئەمرێنێ ڕووحت کە بەهای عیشوە و نازی ئەوە زێوەر لەو کافرە خۆت لادە کە دینت ئەفڕێنێ ++++++++++++++++++++++