شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: نەوبەهاری باخی حوسنم مات و غەمگینم، مەڕۆ نەوبەهاری باخی حوسنم! مات و غەمگینم، مەڕۆ بۆ نمای قەددی لەتیفت چاو پڕئەسرینم مەڕۆ مەنبەعی عەیش و سەفای ساحیبدڵانی چاوەکەم تەڵخە عەیشی ئێمە بێ تۆ، ڕۆحی شیرینم مەڕۆ زیندەگانی، شادمانی، واسیتەی هەردوو ئەتۆی مەمکوژە -قوربان- بە هیجرت قووەتی دینم! مەڕۆ سەفحەیی دیدە بە خەتت و خاڵی تۆ ڕەنگین بووە کۆڵەوارم سا مەکە ئەی -ئاسکی چینم! - مەڕۆ من حەیاتی عارییەم تەسلیمی غەمزەی چاوتە تاقەتی دووریم نەماوە - باعیسی ژینم! - مەڕۆ نەشئەیی (زێوەر) بە پیاڵەی چاوی تۆوە باقییە سا بە مەقسوودی ڕەقیبان -دیدە شاهینم! - مەڕۆ ++++++++++++++++++++++