شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان نەمزانی وەفا و شەرت و قەرارت نییە قوربان چاوبازەکە! پڕ نازەکە! غەممازەکەیی خۆم باعیس بە چییە مەیلی شکارت نییە قوربان بۆ چی بە هەموو وەقت و زەمان ئێستە نەناڵم وەک عەهدی قەدیم بۆس و کەنارت نییە قوربان غەمبار و خەفەتبار و دڵازار و حەزینم لەو ساوە لەگەڵ من سەروکارت نییە قوربان عاجز مەبە ئەم عالەمە گەر تالیبی ڕووتن لەم حوسنی خودادادییە چارت نییە قوربان بۆچ دەعوەیی سوڵتانیی خووبان نەکەی ئیمڕۆ بۆچ لەعلی لەب و چاوی خومارت نییە قوربان؟ وەک بەچچەیی ئاسک لە دڵی زێوەر ئەکەی ڕەم ئەمما لە ڕەقیب مەیلی فیرارت نییە قوربان ++++++++++++++++++++++