شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن هەر یەک بە جەماڵ یۆسفی با جاه و جەلالن غیلمانسیفەت سوندوس و ئیستەبرەق ئەپۆشن سووڕەت بەشەرن مەعنی هەموو حوورخیسالن هەریەککە بە دۆش کاکۆڵی ئەفشان و بڵاوە هەر سوبحدەمێ مونتەزیری بادی شەماڵن ئەم شارە وەکوو بەحر و لەنێویا کە موقیمن بەعزێ سەدەفی گەوهەر و بەعزێکی لوئالن مەقبووڵی شەهەنشاهن و مەتبووعی سەلاتین مەعلوومی عەوامە کە بەبێ شیبە و میسالن سووڕەتگەری چین بێتە ئەمێ سەنعەتی نابێ هەر یەک مەلەکێ خاریجی ئیدراک و خەیاڵن غەممازن و پڕ نازن و مەحبووبی زەمانن شەمس و قەمەرن، زوهرەیی باهۆش و کەماڵن شازادە و بەگزادە، هەموو ئەنجەبی خەڵقن وەک خونچەیی پەروەردەیی ئاوێکی زوڵاڵن خۆت تووشی بەڵا قەت مەکە زێوەر کە ئەزانی ئافاتی دڵ و دینن و مەنناعی ویساڵن ++++++++++++++++++++++