شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم؟ لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ تەشەببوس گەر بە کەشتیی نووحی إلاالله نەکەم چ بکەم؟ مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپیی خوا نەکەم چ بکەم لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم ئەڵێن: ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات وەکوو زێوەر بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم ++++++++++++++++++++++