شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم بەرقی غەمی تۆ ئاگری بەرداوەتە ماڵم پەروانەم و پەروای سەری خۆم نییە بێ تۆ دێوانەم و سەحرا بووەتە خانە و ماڵم پەنجەم وەکوو تیشە لە فیراقت لە فەرقدا فەرهادم و کوا ئەرمەنیی دیدەغەزاڵم؟ خاڵی سیەهت کەوتە ئەسەر لەعلی بەدەخشان بۆ نەیکەمە قوربانی لەبت فیکر و خەیاڵم بۆ پەرچەمی پڕ چینی ئەتۆ ڕۆحە فیدای بێ بۆ قیمەتی ماچێکە دەبەخشم سەر و ماڵم هەر چەندە کە توڕڕەی وەکوو ڕێحانەیی باغە پابەندی ئەوێ نیم و ئەسیری خەتوخاڵم هیجرانە لە یاران و ڕەفیقان و عەزیزان مەعلوومە کە وەک قومریی بێچارە دەناڵم دوێنێ کە لە جانیب منەوە تووشی خەفەت بووی یاڕەببی دەسی من بخەیە کۆتەیی زاڵم مەشغووڵی خەیاڵی لەبی لەعلی نمەکینە ساعات و دەقیقە، شەو و ڕۆژ و مەه و ساڵم ڕەحمت لە دڵا بێت و نیگاهێ بەسە بۆ من گاهێ بەغەڵەت تۆ خەبەرێ بگرە لە حاڵم زێوەر بەتەمای میهر و وەفای تۆیە ئەگەر چی نەیدیوە بەجوز یاری جەفاپیشە و زاڵم ++++++++++++++++++++++