شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا دەردی هیجرانە سەبەب گەر دیدە خوونئەفشان ئەکا هەر زەمان ناری فیراقت دێتە ناو کوورەی دەروون میروەحەی ناڵەم لە هەر لا ئاگرێ پەخشان ئەکا تۆ کە جەللادی بە ئەڵماسی موژەت دڵ کون مەکە زەخمی ئەبرۆت کارییە چارێ لە هەر دەرمان ئەکا شەمعی ڕووت کەوتۆتە ناو زوڵماتی زوڵفی وەک شەوت دڵ وەکوو پەروانە هەردەم مەیلی خۆ سووتان ئەکا نەوغەزالێکی تیایە دڵفڕێن و دڵبەرە سا بەخۆڕایی نییە دڵ مەیلی کانیسکان ئەکا قەت بە مەقسوود و مەرامم ئاسمان دەوری نەدا باغی خەڵقی دڵگوشاد و باغی من وێران ئەکا گەر هیلالی ئەبرووانت بێتە عەرسەی زاهیری سەد وەکوو زێوەر بە ساتێ دێت و خۆی قوربان ئەکا ++++++++++++++++++++++