شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت بێ جونحە و بێ واسیتەیی جورم و جینایەت شاهێکی کەڵەماهیی و ماهێکی سوپەهدار لای کێ بنوێنم وەرەقی زوڵم و شیکایەت گاهێ بە خەدەنگی مووژە، گاهێ بە نیگاهێ سەندووتە لە من هۆش و خیرەد، فەهم و دیرایەت بەم حوسنە لەسەر عاریزی تۆ عاریزە ئێستا بێباکیی و جەورت گەیییە ڕوتبەی غایەت ئەم بەندەیە بەو خەندەیە دڵ زیندووە سا دەی تەجدیدی بکە عومرم، ئەوا هاتە نیهایەت ئازاری دڵی خۆت مەدە ئەی واعیزی مەجلیس فەرقی نییە لای ئێمە چ وەعز و چ حیکایەت بێ پەردە لەگەڵ زێوەر ئەتۆ هاتییە مەیدان نەتخستە موعەمما و دەرت کرد لە کینایەت ++++++++++++++++++++++