شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت فڕاندی تاعەت و تەقوا و عیبادەت، زوڵفی زوننارت بە قەد سەروە، بە دەم غونچە، بە چاو نێرگس، بە ڕوو وەک گوڵ سەراپا باغی حوسنی جانفەزایە باغ و گوڵزارت لە ئەوقاتی تەغافول قیمەتی چینە نیگاهێکت خەتایە، نرخی دنیایە نیگاهی چاوی بیمارت بە باڵا سەروە، ڕەفتاری وەکوو کەبکی دەری وایە فیدای باڵایی بەرزت بم فیدای عینوان و ڕەفتارت بە ڕۆح هاتوونە سەودا، بۆ تەماشای موشتەری ناکەی لە سایەی شەککەری لێوت عەجایب گەرمە بازاڕت بە باڵای بەرز و سوخمەی سەوز و تەرزی دڵبەری تاقی کەوا تاقەی عیراقی، زۆرە وەک یۆسف خڕیدارت تەشەککور لازمە زێوەر لە ئاساری وەفا و میهری عەجەب تەئسیری کردە ئەو دڵە ئەفغان و هاوارت ++++++++++++++++++++++