شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ سووتام بە مەستی مەیەوە دەنگی نەوات بێ ساقی وەرە مەجلیس بە سەر و گەردەنی جامت بێ نەغمەیی نەی نامەوێ گەر ئابی حەیات بێ تۆ گەنجی جەمالت هەیە، من عاشقی ڕووتم یەک بووسە چ نابێ کە بفەرمووی بە زەکات بێ نابێتەوە ڕۆژ ئیدی سەباحی ئەمەلی من بەو گەردنە، هەرتا شکەنی زولفی دوتات بێ دەگریم و لەگەڵ ئاهی دەروون سۆزی دڵم دێ وەک بەرقی بەهاری کە لە عەینی زوڵمات بێ قوربان! کوتم: ئاخر بەسە بەو زولفە ئەسیری فەرمووی: کە ئەتۆ مورغی شەباوێزی، سەدات بێ مەنعم مەکە مەستم کە بە تەفسیری جەماڵت عاشق ئەوەیە بێ سیفەت و پەڕتەوی زات بێ من ڕەند و قەلەندەرسیفەت و مەست و خەرابم تۆ پیری خەراباتی ئەگەر مەزهەبی وات بێ نەمزانی هەتا پێنەکەنی گوڵبەدەنی من فنجانی لە مەرجانی دەبێ پڕ لە نەبات بێ هەر چاوەڕوانی قەدەمی تۆم و ئەگەر دێی زوو بێ نەفەسی ئاخرە، ڕۆحم بەفیدات بێ هەستە وەرە لەو جامی ئەلەستە بدە دەستم بەستەی دەری گوڵزارە ئەوی مەستی سەفات بێ سەد جار بچم و بێم و بسووتێم حەقی تۆیە هەرچەندە بە شەرعی شەم و پەروانە خەتات بێ بۆ ماچێکی مەمکوژە، بە ڕوحم و بە وەفا بە هەرچەندە بە دینی گوڵ و بولبول حەسەنات بێ عەهدێکە لەگەڵ گوڵ کە بەبێ موتریب و ساقی تا ئێرە نەچی ئیدی وەفایی دە حەیات بێ ++++++++++++++++++++++