شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: لە باغان ئاه و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی لە باغان ئاه و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی لە مەیخانان سەدای شین دێ کەوا پیری موغان ڕۆیی دەڵێی دەوری قەمەر، سەیری فەلەک، میزانی گۆڕاوە کەوا گوڵ زەرد بوو، سونبول تێک چوو، ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی لەبەر چاوی جیهان بینم جیهان تاریک بوو نەمزانی نە نووری چاوەکانم چوو، نە خورشیدی جیهان ڕۆیی لە دووری تۆیە سوور بوو چاوەکەم بەو گریە مەعلوومە شەفەق دێ، کەوکەبیش هەڵدێ، کە میهری خاوەران ڕۆیی دەمێکی هات بە چاوی سورمەسا، یەعنی: وەفادارم کە جەرگی سورمەیی کردم بە سیحری جادوان ڕۆیی سەحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ کە دی باغ بێگوڵە، داغ بوو، بە سەد ئاه و فوغان ڕۆیی مەڵێن: بولبول مەناڵێنە کەوا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد دڵ ئارامی نەما چ بکا؟ کە ئارامی دڵان ڕۆیی قیامەت بۆ دڵان هەستا کە چاوی مەستی وەرگێڕا مەگەر ئازوردە بوو ساقی لە بەزمی مەیکەشان ڕۆیی چ شینێکە؟ چ هاوارە لە نێو حەڵقەی موریداندا؟ مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحێب دڵان ڕۆیی چ ئافەت کەوتە بەر چاوم کەوا چوو نووری بیناییم؟ مەگەر شاهی بوخارایی لە قەسری عاریفان ڕۆیی بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم لە زەنگی کارەوان چ بکەم؟ دەلیلی کارەوان ڕۆیی خرابوو خانەقا، بێشێخ و شەوقی تالیبان سەد حەیف چەمەن وێران بوو، نەغمەی بولبولان چوو، باغەبان ڕۆیی بە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگریم گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی ++++++++++++++++++++++