شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ڕۆژی تەرەب و کەیف و دەمی جۆیە کوتانە! ڕۆژی تەرەب و کەیف و دەمی جۆیە کوتانە! بەو دەستەیی جوانێ وە پەری بۆتە نیشانە دەستی بەمە توند گرتووە گەرمی قەوەتانە نێوکی نەکەوێ یاڕەبی بەم بارە گرانە جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە پەروانە سیفەت سووختەیی شەوقی چراغم وەک بولبولی شەیدا هەموو سووتاوە دەماغم دڵ پڕ لە غەم و داغی جەماڵی گوڵەباغم وەک نێرگسی مەخمووری پەری مەست و نەساغم جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە دولبەر کە بە خەندە سەری زولفان دەهەژێنێ بازاڕی شەکەر، قیمەتی عەنبەر دەشکێنێ ماندوو بووە ئارەق بە ڕواندا دەڕژێنێ بەرگی گوڵ و نەسرین بە گوڵاوێ دەڕشێنێ جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە ئەو شۆخە کە جیلوە و ڕەوشی کەبکی دەری بێ گێسووشەب و مەه عاریز و گەردەن سەحەری بێ چاوی ڕەش و زاری گوڵ و زولفی قەجەری بێ ئەو دڵبەرە بەو ڕەنگی جوان ڕەنگە پەری بێ جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە هەر لەحزە لە خەندەی دەمی وەک حوققەیی یاقووت شەککەر دەوەری، گوڵ دەڕژا، غونچە دەپشکووت سەر تا بە قەدەم ڕۆحی وەفایی لە غەمان سووت ناڵەی دڵی زاری گەیییە عالەمی لاهووت جانی منە جۆ دەکوتێ بێ عوزر و بەهانە ++++++++++++++++++++++