شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە ڕۆحم بە فیدات ئەی گوڵی گوڵزاری مەدینە لوتفت هەبێ ڕوو وا بکە مەقسوودی مە، دینە بەو جێگە بوویتە شەرەف و قورب و مەقامت لوتفت ببێ بمبەخشە وەرە جورمێ مەبینە دەرمان مەکە، هاتوومە حەکیمی هەموو دەردان! دەرمان بکە جەرگم کە هەموو کۆنەبرینە عومرێکە دەناڵم بە ئومێدی گوڵی زارت جارێکی بفەرموو کە چ هاوارە؟ چ شینە؟ فەڕزەن هەموو دونیا من و عومری خزرم بوو بێ جەننەتی ڕووی تۆ چ حەیاتێکە؟ چ ژینە؟ ئیحسانی گوڵ و خاکی دەری پاکی لە چاودا بۆیێکە فەلەک تا هەیە چاوی لە زەمینە ڕەوشەن بکە چاوم بە کلی خاکی دەری خۆت بەو عیززەتە فەرشی قەدەمت عەرشی بەرینە زولفت لە دوولا شاد و گوشادن بە جەماڵت کوا ئەهلی شیمالی؟ هەموو ئەسحابی یەمینە مەوقووفی نیگاهێکە بفەرموو بە تەڕەححوم ژەنگاوییە ئاوی نییە ئاوێنەیی سینە پابەندی ئیشارێکە دەری کە لە دەروونم خودبینی و بوخل و حەسەد و نیخوەت و کینە بەو خاڵ و خەت و سووڕەتی گیسووی هەتە حەقیە مانی کە پەرێشانی سەنەمخانەیی چینە نایدەم بە هەموو دەوڵەتی دنیا و قیامەت جارێ بە وەفایی کە بڵێ کەلبی ئەمینە ++++++++++++++++++++++