شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ئەی حوسنی ئەزەل، دا نەفەسێ خۆت بنوێنە ئەی حوسنی ئەزەل، دا نەفەسێ خۆت بنوێنە ئاوێنەیی ڕووی خۆتە دڵی من مەشکێنە کەوتوومە شکەنجی سەری زولفت بە تەمای ڕووت یاریم کە نەکەی چووم بە تەلیسماتی خەزێنە عالەم هەموو ڕەنگینە لەبەر عەکسی جەماڵت هەر ڕەنگە بە ڕەنگێکی هەزار ڕەنگە نوێنە چونکە سەبەبی دەوڵەتی خەندەی گوڵە باران ئەی دیده! هەتا هەی بگری، خوێن بڕژێنە چونکە شەرەفی قوربی بەقا وا لە فەنادا ئەی دڵ وەرە تا زیندووە بی، خۆت بمرێنە سووتاوە دەروونم، وەرە ئەی بادی بەهاری زیندووم کەوە بێنێکی لە غونچەی دەمی بێنە ڕاببرە بە دامان و خەیابانی یەخەیدا نەختێ لە گوڵ و سونبول و نەسرین بوەشێنە مومکین نییە لەو چاوە نەجاتی دڵی زارم ئەو مورغە بریندارە گرفتاری شەهێنە عەینی کەرەم و مەرحەمەتە هەرچی بفەرمووی لوتفت نییە جارێ بە جوێنم بدوێنە دەمکوت: کە خەتت بێ دڵی خۆم نادەمە چاوت نەمزانی کە مەی فەسڵی بەهار تۆبە شکێنە خۆی داوەتە زولفت لە دوو لا گۆشەیی ئەبرۆت میزان کە دڵان هێندە دەبا سووچی شەهێنە فەرموویه: وەفایی بە دڵی تۆیە ویسالم قوربان هەر ئەتۆ و دڵ؟ وەرە ڕۆحیش بستێنە! ++++++++++++++++++++++