شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: سەرگەشتە و شێواوە وەکوو سایە لە دووتە سەرگەشتە و شێواوە وەکوو سایە لە دووتە گۆیا سەری زولفت وەکوو من عاشقی ڕووتە زەنگی و فەڕەنگی سەفی کێشاوە بە قەتڵم غەمزە و موژە دێن بۆ دڵی دێوانە بە جووتە یاقووتی لەبانت بە کەرەم بێنە تەبەسسوم بۆ تەن ئەوەیە قووەت و بۆ دڵ ئەوە قووتە نوورانییە عالەم کە لە سایەی سەری زولفت سایەی سەری تۆ سایەیی مولک و مەلەکووتە هەرچی هەیە جەننەت بە گوڵ و نافە نەنازێ! عەکسی ڕوخ و عەتری شکەن و تایەکی مووتە غافڵ مەبە بۆ ڕابیتەیی گەردەن و چاوی مەی بگرە وەفایی کە ئەمە جام و سەبووتە ++++++++++++++++++++++