شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: گوڵەندام ئەی تەنافی گەردەنم زولفی پەرێشانت گوڵەندام ئەی تەنافی گەردەنم زولفی پەرێشانت عیلاجێ! چارەیێ! ڕوحمێ! ئەمان دەستم بە دامانت غەریبی تۆم، نەخۆشی تۆم، بە گۆشەی چاوی بیمارت ئەسیری تۆم، شەهیدی تۆم، بە نووکی تیری موژگانت ئیشارەت ئافەتی ڕۆحم، کەلامت غارەتی دینم تەبەسسوم سیحری لێوانت، تەکەللوم ڕەمزی چاوانت مەگەر سەر تا قەدەم زولفت وەکوو من خاو و شێواوە کە سەرگەردان و سەودایە لە سەر چاکی گەریبانت؟ دەڵێی شەککەرفرۆشی شاری میسرە وا بە شیرینی بنازم! خاڵی وەک هیندوو لە گۆشەی لێوی خەندانت ئەگەر دڵ بوو ئەگەر دین دام بە سورمەی چاوەکان، ئیدی بەسم سەودازەدە و ڕیسوا کە، تۆبی و دین و ئیمانت تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە، ڕەنگی ڕێحانە شکەنج و بەندە، یاخۆ جێ دڵانە زولفی سەرشانت؟ بە ئازادی لە کن خۆی شوهرەیە، من مات و حەیرانم گوڵ و نارنجی بەر هێناوە خۆ سەروی خەرامانت لەبەر چاوت بگریێم، یا لە دەست تۆ داد و هاوار کەم؟ لەبەر نەیڕەنگی مەستان؟ یا لە سیحری ڕەنگی دەستانت؟ دڵم سەودازەدەی باڵاتە، خۆم دڵدادەیی ئەبرۆت بە باڵا دڵ بەڵاگێڕت، بە ئەبرۆ خۆم بە قوربانت لە دادی من بپرسە جارێ ئەی سوڵتانی عیشوە و ناز بە ناحەق بۆچی بمکوژێ ئیشارەی چاوی فەتتانت؟ «وەفایی» کەوتە حەڵقەی زولفت، ئیدی مەیدە بەر موژگان کە من کوشتەی تەنافت بووم، چ لازم تیرەبارانت؟ ++++++++++++++++++++++