شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: خەرامان بەو سەری زولفی پەرێشان چیهرە بنوێنە خەرامان بەو سەری زولفی پەرێشان چیهرە بنوێنە لە گوڵ ڕەنگ و لە سونبول بۆ، لە سەروان جیلوە بستێنە شەهیدی تاقی ئەبرۆی تۆ بە جەننەت شادە، ئازادە ئەتۆ قیبلەی مورادانی دەمێکی ڕووت وەها بێنە زەکاتی خاڵی لێوت بووسەیێ لەو چاوە کافیمە ئەتۆ بی و ساقیی کەوسەر دڵم بەو جامە مەشکێنە! بە زولف و ڕووی گوشاد جارێک بپرسە حاڵی شێواوم دەمێک شەککەر بدە، سونبول بە بادە، گوڵ ببارێنە دڵم هێناوە بۆ لێوت بڵا زولفت ڕەزای لێ بێ وەکوو قەننادی خۆش سەودا بە، زوو زوو بیدە بستێنە زەدەی چاوم، لە لێوی خۆت شیفام دە، بەس بە ڕقدا چۆ بە قەترێک ئابی حەیوانت نەخۆشی خۆت مەسووتێنە ئەگەر سەد ڕۆح و دڵ بێنم مورادی من ڕەوا نابێ لەبی لەعلی بە من نادا دەزانێ ڕۆح چ شیرینە لە ئەنفاسی سەحەرگاهی بترسێ، ئەی چرا، جارێک هەناسەی عاشقان تیرە، مەڵێ پەروانە بێخوێنە دەلیلی چاک و پاکی پێ دەوێ وەسڵی ڕوخ و زولفی خودا شادی بە شانەی دا و سەفای جەننەت بە ئاوێنە لەسەر میحرابی ئەبرۆی کەوتمە زولفی دامیە بەر غەمزە بە جەللادی دەکوت: مورتەدد! حەڵاڵە خوێنی بڕژێنە سەری دانا لەسەر ڕووی تۆ، بە شوێنی زولفی تۆدا چوو وەفایی ئاخری خێر بێ، دەمێکە بێسەر و شوێنە ++++++++++++++++++++++