شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: بەس بێ جیلوەی زولف و خاڵان! عاشقی ڕوخساری خۆت بەس بێ جیلوەی زولف و خاڵان! عاشقی ڕوخساری خۆت ئاڵ و واڵای خولدی ناوێ تالیبی دیداری خۆت نامەوێ عەیشی جیهان حاشا لە فیردەوسی بەرین تۆی مورادی دین و دونیام، ناری خۆت، ئەنواری خۆت گاه بە یاری، گاه بە دیدار، دڵ دەکێشی، دین دەبەی هەر دەمەی نەوعێ ڕەواجی پێ دەدەی بازاڕی خۆت گاهێ موتریب گاهێ ساقی، من فیدای زولف و ڕوخت کوفر و ئیمان لێکدەدەی سەرخۆش بە نەغمە و تاری خۆت زولفەکان دێنی و دەبەی بێغەم لە کوشتەی چاوەکان شەو دەچێ ڕۆژ دێ دەمێکی نایێ سەر بیماری خۆت هەر ڕەگێکم دەنگ و ئاوازێکی لێ دێ پڕ خورۆش ئاورت بەرداوەتە عالەم بە مۆسیقاری خۆت با بەجارێک تێک‏نەچێ کاری دڵ و دین، ڕۆحەکەم، وا پەرێشانی مەفەرموو زولفی عەنبەرباری خۆت پایبەندی زولفی تۆم، مەحروومی ڕووی خۆتم مەکە با بە داغی تۆوە نەمرێ بولبولی گوڵزاری خۆت دڵ بە تیغ، جان بەندەفرمان، لەشکری ناز بۆچی بێ؟ پادشاهم! بێخەتا وێران مەفەرموو شاری خۆت دەستی خۆم دا زولفەکەت مەمکوژە خۆ کافر نەبووم قیبلەکەم هەر تۆی بە دڵ، بمبەخشە بەو زونناری خۆت دەم بە دەم ناڵەی «وەفایی» دێ لە حەلقەی زولفەکەت جارێکی نابێ بپرسی حاڵی شەوبێداری خۆت؟ ! ++++++++++++++++++++++