شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ما رأیتُ اللیلَ إن من لحظة صار الغدا ما رأیتُ اللیلَ إن من لحظة صار الغدا فی الذوایب وجهک أم فی الدجی شمس بدا؟ قەت نەهاتە دەست و جارێ نەبوە ئارامی دڵم تا قیامەت داغی زولفانت لە جەرگی ئێمەدا بمکوژی، سەد جار دەرم کەی، ڕووی من و خاکی دەرت کیف یحْرَم سائڵ مِن بابِک حاز الندی؟ ئاگری عیشقت لە ڕۆحم بەربووە سەر تا قەدەم وەک نەیستان هەر دەسووتێم مات و خامۆش بێسەدا دڵ بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت بە ڕوودا کەوت و مرد مرد و نەمزانی: نە گەنج خستی نە ماری پێوەدا؟ چەند بە ناز دێی و دەچی سەرخۆش و شۆخ و شەنگ و مەست ئەی گوڵی نازدار، ئیلاهی، بای خەزانت لێ نەدا باغ دەبێ هەر گوڵفرۆش بێ، یار کە دێتە پێکەنین «با» دەبێ عەنبەر بە با دا، ئەو کە زولفان با دەدا دین و دڵ سەبر و قەرارم چۆتە ڕێگای یەک نەزەر تۆ بڵێی ئەو شۆخە وا سەرمەستە قەت بێتە ڕەدا؟ بۆچ برۆم لێ تێکدەنێی ڕووت وەردەگێڕی چاوەکەم؟ کابە کەچ بوو؟ قیبلە گۆڕا؟ ماچێکم لەو لێوە دا! دەست و دامان زولفەکەت کەوتۆتە بەر پێت و دەڵێ: تۆ غەنی من بێنەوا، تۆ پادشاه و من گەدا خەندە بەم شیرینییە، دەم بەم نموونەی حیکمەتە قەت وەفایی نەبوە وا خۆش بێ، خەبەر بێموبتەدا! ++++++++++++++++++++++