شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: یار هاتەوە دەست و دڵی خۆم گرت و بەسەر چووم یار هاتەوە دەست و دڵی خۆم گرت و بەسەر چووم جان قابیلی جانان نەبوو نەمزانی بەسەر چووم فەرمووی: چ کەسی؟ کەوتمە بەرپێی کە وەفاییم قوربان چ بوو عومرێکە لەلەت بووم و لەلات بووم؟ ! دەستی لەسەری دام و دڵی دامەوە فەرمووی: خۆش هاتی! بەخێر هاتی! وەلێ ڕۆحە بەهای ڕووم! وا خستمی چاوی کە بە داو زولفی وەلادا شەو ڕۆیی، بەیان بەربوو، ئەمن هەر لە خەوا بووم! یارایی موژە و تابی برۆی تۆی نییە جەرگم بەو تیر و کەمانە نە فەرامەرز و نە بورزووم ماچی دەمی، خەندەی دەمەکەی سیڕڕی بەیان کرد ئەو جەوهەرە وا فەردە نە مەوجوودە نە مەعدووم زەڕڕێکی لە سیڕڕی دەمی تۆم برد و نەزانی حەیرانی کەماڵاتی فەلاتوون و ئەرەستووم مومکین نییە بەو نێرگسە من بێمەوە سەرحاڵ من دەربەدەری ڕووتم و سەوداسەری گیسووم لەو زولفە - بە غەمزەی نیگەهت - نیمە ڕەهایی من بەستەیی نێو داوی پەریزادەیی جادووم فەرمووی: لە کوفر لادە موسوڵمان بە وەفایی دێوانە مەبە، دەست مەدە زولفم، ئەوەتا ڕووم ++++++++++++++++++++++