شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: غەمزەدەی زولفم بە غەمزەی چاوی حەیرانم دەکا غەمزەدەی زولفم بە غەمزەی چاوی حەیرانم دەکا بەستەیی داوم خەدەنگی تیرەبارانم دەکا عاشقی زارم لەسەر هیچ ئەو نیگارە دەمکوژێ تیفلی نادانم لەسەر ماچێ لە گریانم دەکا داعیەی ئاوێنە دینی کوفرە نەک ڕوحمێکی بێ حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا یاری من هەرگیز لە قەتڵی عاشقی پەروای نییە چونکە ڕوومەت شەمعە بۆیە حەز بە سووتانم دەکا ئاو لە چاوانم لەبەر زولف و عیزارت دێنە خوار دووکەڵی ئەو مەجمەرە هەردەم لە گریانم دەکا من دەڵێم: یاقووت و ڕەیحان خەتتی کامیان خۆشترە؟ ئەو بە عەییاری ئیشارەی لەعلی خەندانم دەکا قامەتی تۆ نەخلی توورە تەلعەتی تۆ نووری توور دەم بە دەم وا وەجهی جیلوەت مەست و حەیرانم دەکا فیکری زولفت عیللەتە، وەسفی دەمت ناکەم بە دڵ نیکتەگۆیی پیشەمە هەودای پەرێشانم دەکا ڕوو لە ئەبرۆی تۆم دەکا چاوت بە موژگانی کەچی قیبلە نیشانم دەدا، کافر موسوڵمانم دەکا! پێم دەڵێ: بگری وەفایی گەر ئەسیری لێومی یەعنی مرواریم دەوێ، چی نرخی مەرجانم دەکا؟ ! ++++++++++++++++++++++