شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: دڵی پڕ ئێشی من بۆیە وەها خوونابی گریانە دڵی پڕ ئێشی من بۆیە وەها خوونابی گریانە هەموو سینەم وەکوو نیشانە جێگا نێشی موژگانە بە زاری پێم کوت: ئاخر بوردەباری تابەکەی؟ فەرمووی: دەسا بیکوژن، ئەی یاران، کە ڕۆژی بەردەبارانە بەڵاگەردانی تۆم، ئەی من بنازم خاڵی ڕوخسارت خەلیلی ئاتەشی نەمروودە، خەتتی سەبزی ڕێحانە کە تۆ سوڵتانی حوسنی بۆ لە حەزرەت ئەبرووت ڕێت دا لەبەر چاوت کە هیندوو ماڵی کەعبەی کردە مەیخانە تەبیبی میهرەبان بێهوودە تاکەی دڵنەوازی من؟ وەکوو بۆ خۆم دەزانم هەستە - بیللا - ڕۆژی گریانە دەڵێ حاڵت لە سەیلی دیدە، سۆزی دڵ چییە؟ قوربان لە دووری تۆ بڵێم چی؟ حاڵی من خنکان و سووتانە ئەمن لەو شارە کوژراوی خەدەنگی نازەنینێکم فەڕەنگی تینەتە، کافر دڵە، زاهیر موسوڵمانە بە هیچ وەجهێکی ناوێرم کە نێزیکت ببم، قوربان بعەینە هەر لە من ڕوویداوە حاڵی شەمع و پەروانە دەخیل ئەی مەحرەمی دەردی وەفایی! خزمە تەدبیرێ ئەوا مەحبووبە چارەی نایێ خۆ کوژرانم ئاسانە ++++++++++++++++++++++