شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: شەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو شەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو مەڵێ پەروانە خۆ سووتاوە، مەرگی زیندەگانی بوو بە تیرێ خۆ لە عالەم بۆوە چاوت، ئەی شەهیدی بم لە کن خۆ ئەو فەڕەنگی زادە عەینی ناتەوانی بوو؟ ! سەر و ماڵی بە بێدادی حەبەش پاماڵە، ئەی سەد حەیف! شەهی حوسنت کە دایم چەتری سونبول سایەبانی بوو لەبەر تەئسیری خەندەت من کە سووتام ئەودەمە زانیم بەڵایی خەرمەنی من هەرچی بوو بەرقی نیهانی بوو بەخۆڕایی وەکوو پەروانە من سووتام و نەمزانی ئەوەی ئێمەی لە داو خست، ئیلتیفاتی سەر زمانی بوو بە بەدمەستی دەترسێم بێتە دیوانی خودا فەریاد! کەسێ وەک من شەهیدی چاوەکانی نیکتەزانی بوو ئەمن ئەو ڕۆژە لێم مەعلووم بوو کەعبەی دین و دڵ گیرا کە وەک تابووری هیندوو لەشکری ئەگریجە، سانی بوو لەبی گوڵ، زاری گوڵ، ئەندامی گوڵ، ڕوخساری گوڵ، بەر گوڵ هەتا کەی من بڵێم سەربەستە جەللادم فڵانی بوو؟ بە هەر سیحرێکی بوو هەر وەک وەفایی کوشتمت، ئاخر ئەگەر ئەندازەیی نازت، ئەگەر نامیهرەبانی بوو ++++++++++++++++++++++