شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم لە باغی جنة المأوی مەفەرموو ئەتۆ مووسونبوڵ و ڕووئافتابی لە حوسنی تەلعەتی لەیلا مەفەرموو دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو من و یەک لەحزە شەوئارام و تاقەت؟ ! لە دووری ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە بە جەللادانی بێپەروا مەفەرموو وەفایی عاشقی ئەندامی تۆیە شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو ++++++++++++++++++++++