شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ئەی حوققەیی شەهد و شەکەرت ئابی حەیاتم ئەی حوققەیی شەهد و شەکەرت ئابی حەیاتم مردم، بە بەدەن بێنەوە بەو ئابە، حەیاتم ئاهوو کە دەکا جیلوە چ شیرینە نیگاهی! یەعنی بە فیدای غەمزەیی دوو چاوی سیاتم سەودائیی زولفی سیەهت نیم بە هەوایی تا ڕۆژی وەفاتم بە تەمای میهر و وەفاتم بڕوانە چلۆن عەکسی عیزارت لە دڵی دام پەروانە بە دڵ سووختەیی شەوقی چراتم هەر چاوەنواڕم کە کوتت دێم و نەهاتی یاڕەب مەدەدێ! سالیکی ڕێی هات و نەهاتم دڵ جیلوەگەه و جێ قەدەمی تۆ بووە دیدەم هەرچەندە کە دوورم بە دڵ و دیدە لە لاتم سەرگەشتەیی سیڕڕی دەمی تۆم بەم ڕوخە دایم گۆیا کە دەقیقەشومەری ڕۆژ و سەعاتم بەو ڕەنگە دڵم داوە بە سیحری سەری زولفت تا دڵ هەیە مومکین نییە لەو داوە نەجاتم گرتوومی قولابی موژە بۆ خدمەتی ئەبرۆ یەعنی کە وەفایی وەرە من قیبلەنوماتم ++++++++++++++++++++++