شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ئەرێ ئەی زولفەکەت سەر تا قەدەم هەر حەلقە و بەندە ئەرێ ئەی زولفەکەت سەر تا قەدەم هەر حەلقە و بەندە چ داوێکە کە هەر داوێکی بەندی سەد خیرەدمەندە؟ کە تۆ هاتی بە گوڵشەندا لە شەرمی زولف و ڕووی تۆ بوون وەنەوشە و گوڵ سەراسەر غەرقی خوێن، مات و سەر ئەفگەندە خودایا ئەو جەمال و قامەتەی دوورکەی لە چاوی بەد درەختی گوڵ لە نارنج و گوڵ و بادامی پەیوەندە کوتم: قوربان زەدەی چاوم! شیفای دەردم چییە بیدە؟ دەمی خۆی کردە غونچە و پێکەنی فەرمووی: کە گوڵقەندە بە خەتتێکی شکستەی زولفی ڕێحانی لە سەر عاریز لە مەعنای ئاتەش ئەم تۆمارە شەرحی زەند و پازەندە لە عیشقی تۆ هیلاکی ئەو دڵەی دێوانە دوو چت بوون: وەک ئاهوو چاوڕەش و وەک غونچە زاری پڕ شەکەرخەندە لە ژێر باری غەمی زولفی خەتی هات و ڕەهای کردم ئیلاهی قەت جەوانمەردان نەکەی داماو و دەرمەندە وەفایی هەرچی بێ، ئاخر، هیلاکی چاوەکەی خۆتە بە چاوی سووکی مەنواڕێ، مەڵێ: مەیخوارە و ڕەندە ++++++++++++++++++++++