شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: نیگارا ئەی بە غەمزە ئافەتی دڵ، چاوی بیمارت نیگارا ئەی بە غەمزە ئافەتی دڵ، چاوی بیمارت ئەمان سەر تا قەدەم سووتام لە دووریی نووری دیدارت دەسا ڕوحمێ وەفادارم! بە حاڵی داد و هاوارم کە وەک بولبول دڵی زارم دەناڵێ بۆ گوڵی زارت سەرم ناوێ ئەگەر نەیخەم بە حەڵقەی پەرچەم و چاوت دڵم ناوێ ئەگەر نەیکەم بە فیدیەی چاوی عەییارت ئەسیری زولفی خاوی تۆم، شەهیدی ڕەمزی چاوی تۆم ئەمن گیراوی داوی تۆم، لە سەد جێ دڵ بریندارت شەهیدی نازی تۆم و داغداری باغەبان ئەی گوڵ لە دووری تۆ بناڵم؟ یا لەسەر بێدادی ئەغیارت؟ ئەمن نەمدیوە هیندوو باغەبانی باغی جەننەت بێ بە شیرینی چ دڵکێشە؟ بنازم خاڵی ڕوخسارت لەلایێ شەککەرستانە، لەلایێ ئابی حەیوانە ئەگەر گوڵ بێ ئەگەر غونچە، لەب و زاری شەکەربارت «وەفایی»، دوور لە وەسڵی تۆوە پابەندی تەلیسمێکە لەسەر گەنجی جەماڵت کەوتە داوی زولفی ڕەشمارت ++++++++++++++++++++++