شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: مەششاتە کە شانەی لەسەری زولفی سەنەم دا مەششاتە کە شانەی لەسەری زولفی سەنەم دا ئاشوفتەگیی حاڵی وەفایی لە قەڵەم دا قوربان وەرە سەیرێکی دڵ و عالەمی دڵ کە هەر زەوقە بە دڵ، شەوقە لە سەر، ئاهە لە دەمدا ئاوێنەیی دڵ وا لە جەلادا بە تەجەللا دێوانەیی ڕووت کەی لە هەوای شەوکەتی جەمدا؟ بۆ خاتری خەندێکی بە ڕەنگی گوڵ و باران عاشق ئەوەتا هەر کوڵی گریانی لە دەمدا خەندەی گوڵی زارت کە نەبوو باعیسی مەستیم بۆچی دڵی من دەستی لە گوڵزاری ئیرەم دا؟ ئاخر سەگی خاکی دەری تۆ بووم بە جودایی مروەت نەبوو تیغت لە سەری سەیدی حەرەم دا ڕۆحم بە نیساری قەدەمت! بۆچی دەڕەنجێی؟ ڕۆحم کە بە من بایە، وەکوو دڵ، چییە؟ دەمدا! وا عاشقی زار و کەمەری تۆیە وەفایی لەو نێوە وجوودێکە لە بەینی دوو عەدەمدا ++++++++++++++++++++++