شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: ئەی خۆش خەبەر نەسیمی سەحەر پەیکی عاشقان ئەی خۆش خەبەر نەسیمی سەحەر پەیکی عاشقان ئەی قاسیدی نیازی هەر ئاوارە وا وەرە دیدەم ببینە هەروەکوو دوو چاوی پڕ لە خوێن سینەم ببینە هەروەکوو کوورەی پڕ ئاورە گەر ئاوی سەیلی دیدە نەبێ سینە سووتووە گەر تاو و جۆشی سینە نەبێ دیدە مضطرە سووتاوی تاوی سینەم و غەرقی نێو ئاوی چاو لوتفێ بفەرموو چارەیێ لەو ئاو و ئاورە وەک «نەهری» چاو و مەشعەلەیی دڵ بڕۆ بە تاو بۆ ئەو دڵبەرە کە گوڵبەرە پەیغامی دڵ بەرە «نەهری» کە جێگەیێکە هەموو خاکی سوورمەیە «نەهری» کە جەننەتی گوڵ و گوڵئاوی کەوسەرە «نەهری» غوباری عەترە بوخاری بوخووری ڕووت خاکی تەڕی کە وشکە هەموو میشکی ئەزفەڕە «نەهری» وەهایە «با» لە گوڵاو و گوڵئاتەشی عەنبەرفرۆشە خاکی لە کەوسەر موخەممەرە «نەهری» کە خولدە نەهری ڕەوان سەلسەبیلیە «نەهری» کە پاکی دار و دەوەن پاکی عەنبەرە «نەهری» کە خاکی قیبلەمە گوڵزاری گوڵبەرە «نەهری» کە شاری دیدەمە جێڕاوی دڵبەرە دڵبەر بە لوتفی حەزرەتی باری مەتیبە گوڵبەر بە نووری ڕەحمەتی داوەر مونەووەرە دڵبەر کە سەروی نەوڕەسی باغی سیادەتە گوڵبەر کە نەوشکۆفەیی ڕەوزەی پەیەمبەرە دڵبەر کەوا لە گوڵبونی یاسین شکۆفەیە گوڵبەر کەوا لە گوڵشەنی تاها سنەوبەرە ئەو تاقە نەسڵە ئەسڵی لە جووتێ فریشتەیە دوڕڕی یەتیمە زادەیی بەحری دوو گەوهەرە ئەو شەمعە زەینی مەحفەلی شەمزینە ڕەوشەنە ئەو شەمعە خۆ موبەرهەنە ئەو نوورە ئەزهەرە فەیزی جەسیمە، خولقی بەسیمە، عەتای عەمیم بۆ لوتفی جوود و مەرحەمەت ئەو سەدرە مەسدەرە بەحری دڵی کە وادی ڕووناکی ئەیمەنە جێگای زوهووری مەرحەمەت و نووری داوەرە نەوری حەدیقەیە کە لە عیرفان موتەییەبە نووری حەداقەیەکە بە ڕەحمەت مونەووەرە سەر تا قەدەم بە نووری خودا ڕۆشنە بەڵێ ئەو نەخلە بۆ تەجەللییە، ئەو نوورە مەزهەرە ئەبرۆی مەحەببەتی ئەوە میحرابی خانەقا توڕڕەی مەوەددەتی ئەوە میعماری مینبەرە کەعبێکە خانەدان کە هەموو خەلقی تائیفە قیبلێکە ئاستانی هەموو ئەهلی زایەرە بەیتی ئەوێ چ بەیتە؟ مەڵێ پاکە! جەننەتە خاکی ئەوێ چ خاکە؟ مەڵێ چاکە! عەنبەرە گەر سەر نە خاکی مەقدەمی ئەو ڕۆحە پاکەیە گەر دڵ نە تۆزی ڕێگەیی ئەم شەخسە تاهیرە سەر خاڵییە لە مەعریفەت و دڵ لە ئەهلییەت بیللا نە دڵ دڵی منە، حاشا نە سەر سەرە ئەی پەیکی شارەزا! بە ئەدەب ڕوو بکە حەزرەتی پەردەی عەرووسی عەرزی من ئاهێستە لا بەرە دەستێ بدە لە دامەنی بگری بە زاری من بۆیێ بکە لە مەقدەمی پاکی کە ئەنوەرە چاوم لە دووری نووری جەماڵی، بە خاڵی تۆ خاڵی لە نووری بینشە دایم موسەییەرە سینەم لە شەوقی میهری کەماڵی کەماڵی تۆ سینە چ سینە؟ نا، وەکوو سینا پڕ ئاورە یاخۆ گڵێ لە خاکی بەری پێت بە بابدە یاخۆ گوڵێ لە تووتنی خۆت، بیخە ئەم بەرە بۆ دیدە ئەو موفەڕڕیحە هەر عەینی سورمەیە بۆ سینە ئەو موفەڕڕیخە ئارامی دڵ دەرە ئەو تووتنە کە مەیلی وەکوو دڵ بە سووتنە ئەو تووتنە کە ڕەنگی وەکوو عاشق ئەسفەرە ئەو تووتنە کە زێڕی بەر دووکانی غەزنەیە ئەو تووتنە کە خۆشە لەتیفە و موعەتتەرە تا تووتنی لەتیفە دەگاتن لە هاتنێ دوو چاوی پڕ لە خوێنی وەفایی لەبەر دەرە تا شەو وەکوو ڕەواقی دڵم تەنگ و تیرەیە تا ڕۆژ وەکوو ویساڵی گوڵم هەر مونەووەرە زەڕڕێک لە میهری تالیعی تۆ بێ کە سەروەری نوقتێک لە بەختی دوژمنی تۆ بێ کە بەدفەڕە ++++++++++++++++++++++