شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: مەمکوژە تۆ گەردەنی خۆت ڕووت لە زولفان دەرخەوە مەمکوژە تۆ گەردەنی خۆت ڕووت لە زولفان دەرخەوە ئەی سەبای ساڵحان ئەتۆ بکەی ئەم شەوە ڕۆژ بێتەوە تاقەتم چوو ئارەقی گەردنت بە زولفان ون مەکە ئەی ستارەی سوبحدەم ئەوشۆکە زووتر دەرکەوە سووتبووم خۆم دا پەنای زولفت دەمێک ئاسوودە بم ڕووت نیشان دام باز لە سایەی تۆوە ئاورم گرتەوە زولفت ئەفشان کرد و پەنهان بووی و دونیات کردە تەم خۆت وەدەرنا عالەمت سووتاند و ئاورت کردەوە با بە هەویای پایبووسیت عومری من کۆتا نەبێ مەیخە پشت گوێ، مەرگی من، بێ زولفەکانت بەردەوە ئولفەتی زولفت چییە قوربان لەگەڵ ڕوخساری تۆ؟ خۆ بە هیچ دینێکی نابێ کوفر و ئیمان پێکەوە هاتە سەر خەندە کە من سوڵتانی حوسن و دڵبەرم غایەتی سووڕەت نومای ڕۆژی جەماڵی من شەوە بای سەبای بەرقەع گوشا بوو؟ یا ئەتۆ بووی خۆت نواند؟ یا نە ڕیزوان دەرکی گوڵزاری بەهەشتی کردەوە؟ من لەبەر عەکسی نیگاهت کەوتووم هۆشم نییە چاوەکەی تۆ هەر نەخۆشە یا نە سەرخۆشی خەوە؟ خارق العاداتی زولف و خاڵ و خەندەی زاری تۆ میشک و عەنبەر، شەهد و شەککەر، لەعل و گەوهەر پێکەوە زولفی لادا تا دیار بێ جاعیلی لەیل و نەهار ڕووی وەدەرنا تا بزانن خالق الأصباح ئەوە نەوڕەسیدەی نەخلی باڵای شەرحی حەرفی وەحدەتە نەور و نەکهەت، نوور و زوڵمەت، نار و جەننەت پێکەوە وەک سەری زولفت دەبێ کێ بێ حیسابی تێک نەچێ گەر بە ناز تۆ بێیە پەی مەحشەر بە چاوی مەستەوە؟ چم لە ئوممێدی بەهەشت و بیمی دۆزەخ داوە من؟ دۆزەخی من هەر فیراقە، جەننەتم وەسڵی ئەوە لێوەکەت عومرم بوو شەرتت کرد بە دڵ جارێکی دیش وەختە بوو بمرم وەرە عومری دوبارەم پێ بدەوە خۆش بە ناز ڕامەبرە، قوربان، ئیلتیفاتێکت هەبێ دادخواه زۆر کەوتوون نەختێ سەمەندت بگرەوە تاقی ئەبرۆت دەرخە شادم کا هەتا قوربانی بم عیدی قوربان چونکی شەرتی ڕوئیەتی ماهی نەوە داخۆ چ بکا پاش خەت و خاڵان سەفی موژگان بە ناز؟ لەشکری تورکان ئەوا هات و فەڕەنگی پێشڕەوە! ئاه و ناڵەی بێقەراریم عالەمی خستۆتە جۆش گوڵ بەناز پەروەردەیە ئەی دڵ دەمێکی بسرەوە من لە سەر خاکی دەری یاری سەفەرکەردە نەمام نامرم ئەهلی بەهەشتم گەر ژیانم بێتەوە تۆ هەڵستای بەو دەمە ڕۆحی وەفاییت زیندە کرد با قیامەت کەس نەڵێ هەر یێکە توخودا هەستەوە ++++++++++++++++++++++