شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: بادی نەورۆزی ئەوا هات گوڵوەشان و عەتربار بادی نەورۆزی ئەوا هات، گوڵوەشان و عەتربار وەک شەمیمی ڕوویی دڵبەر، وەک نەسیمی زولفی یار گوڵ قەرارێکی بە بولبول دابوو دیسان بێتە باغ زۆر نەچوو، بای وەعدە بۆی هێنا نەویدی نەوبەهار وەک شەهیدی زولف و ڕووی دڵبەر لەسەر یەک کەوتوون تا قیامەت مات و بێدەنگ و خەمۆشن لالەزار بۆی وەنەوشە و سونبوڵە سەحرا سەراسەر تۆ دەڵێی بای سەبا عەنبەر دەبارێنێ لە دەشت و کۆهسار مەیلی کردە جۆیباران سەروی گوڵروخساری من جەننەتێکی دیکەیە ئەمڕۆ کەناری جۆیبار سەر بەسەر زیکر و حەدیسی گوڵشەن و سەرو و گوڵە نەغمەیی گوڵبانگی بولبول، دەنگی قومری، سەوتی سار بوو بە مایەی سۆزی جەرگ و دوودی ئاهی عاشقان گوڵ بە ڕوویی ئاتەشین، سونبول بە زولفی تابدار باغ دەڵێی مەیخانەیە، پیری موغان گوڵ، مەیفرۆش! لالە سەرخۆش، ئەرغەوان پەیمانەکەش، نێرگس خومار گوڵ بە ناز و عیشوە خەندان، بولبولی ئاشوفتە حاڵ نەغمە پەرداز، مەست و حەیران، دڵ فیدا و جان نیسار وەسڵ و گریان قورب و هیجرانە تەریقی عاشقی فەسڵی گوڵ بۆیە لە سەرچاوان وەها ئاو دێتەخوار هەر گوڵێ ڕەنگێکی بۆنی ڕەنگ و بۆی دڵبەر دەدا ڕەنگی بێڕەنگی تەماشاکەن! بە چاوی ئیعتیبار بۆ تەنی دڵموردەگان کاری مەسیحایی دەکا سەبز و خوڕڕەم، دڵگوشا، جانبەخشە، دەشت و کۆهسار عەتری بەردا غونچەدەم، نێرگس نیگاهی کردەوە دوودی عوودی مەجمەری باغ بوو بە دەفعی چاوەزار ئەشک و ئاهی من هەتا بێ زۆرترە ئاسوودەگیم ڕاحەتی ڕۆح و دڵە، ئاب و هەوایی سازگار دەم بە دەم سەرو و سنەوبەر وا کە هەر دێن و دەچن عاشقن سەوداسەرن مەجزووبی گوڵ بێئیختیار عوشرەتی هەردوو جیهان دێنێ «وەفایی» فرسەتە گۆشەیی گوڵزار و جامی بادە و ڕوخساری یار ++++++++++++++++++++++