شاعیر: وەفایی کتێب: دیوانی وەفایی سەرناو: حەریقی ئاوری دووریم، داغداری زولفی جانانە حەریقی ئاوری دووریم، داغداری زولفی جانانە ئەگەر بایێ لە لای قیبلەم نەیێ حاڵم پەرێشانە نەسیمی سوبحدەم قوربانی نەشئەی تۆزی ڕێگاتم غەریبم، بێکەسم، ڕۆح و دڵم سووتاوی هیجرانە ئەمن وا لێرەکە و ڕۆحم لە خاکی پاکی بەتحادا حەیاتم بێنەوە ڕاببرە بەو باغ و گوڵستانە ئەگەر دەریایی ئاور بێ، ئەگەر تۆفانی خوێن هەستێ بە سۆز و گریەیی زارم، بڵێ بەو ماهە تابانە بە غەمزەی چاوەکەی مەستت هەموو جێی نەشتەرە جەرگم بە موژگانی سیات قەلبم سەراسەر جێگە پەیکانە بە تاری زولف و گوڵناری جەماڵی تۆ بە ڕۆژ و شەو سەرم دەربەندی سەودایە، دڵم سەرگەرمی سووتانە دڵم سەوداسەرە و جانم پر از غەوغایە نازانم نە داغی تاری زولفانە، نە دەردی وردە خاڵانە؟ نە خاڵت ڕوحمی پێمدا دێ، نە حەڵقەی دایرەی زولفت عەجەب ماوم! دەڵێی دەوری فەڕەنگی کافرستانە بە شەوقی ڕووت لە حەلقەی زولفەکەت دێ ئاه و ناڵەی دڵ لە سوبحی کازیبەی شەودا چریکەی مورغی خۆشخانە شەهیدی تیغی ئەبرۆتم بە جەزبەی خاڵەکەی چاوت مەقامم قابەقەوسەینە لە سایەی پیری مەیخانە هەموو عالەم بە دیدارێکی تۆ قوربانی ئەبرۆتن مەگەر تاقی برۆت، قوربان، هیلالی عیدی قوربانە؟ عیبادەتخانە بەرهەم بوو بە نەشئەی قیبلەکەی ئەبرۆت لە سایەی چاوەکانت ماڵی کەعبەش بۆتە مەیخانە بە ئاه و گریە بۆ سەیری جەماڵی چووم و پێی فەرمووم: تەماشای باغ و گوڵشەن بۆ چییە بەو با و بارانە؟ ! خەتی هات زولفەکەی لەرزی لەسەر خاڵی سیا، گۆیا! حەبەش بۆ چین لە تێلی دا کە ڕۆم و هیندە شەڕیانە بە ناز ڕووی کردە میحرابی برۆ موژگانی دەیفەرموو: کە تۆ لوتفت هەبێ، قوربان، خەراباتیش موسوڵمانە وەفایی دەردی بێدەرمانە بەو چاوانە نازانم هیلاکی تۆیە؟ یا نە خەستەجانی دەستی پەریانە؟ ++++++++++++++++++++++