شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: قەت لە ئادابی دوعا ئەم پیرە تەقسیری نییە قەت لە ئادابی دوعا ئەم پیرە تەقسیری نییە سا لەگەڵ تەقدیری خوا چی بکەم کە تەئسیری نییە ویردی دڵ بێ غایەت و پایانە وەک تەقسیری من تا ئەبەد وەک عەفوی تۆ ئیمکانی تەحریری نییە سیدقی مەزموونی کەلامم عەینی سوبحی سادقە ئەو بە تەرزی ئاخری شەو کیزب و تەزویری نییە حەیفە بۆ ئەربابی دەرکی غەزنەوی گاهێ بڵێن جامیعی حیکمەت ئەیازە و حوسنی تەدبیری نییە عاقڵ و فەرزانە هەردەم وا لە قەیدی میحنەتا شێت و بێ پەروا لە دنیا باکی زنجیری نییە گوڵ لەگەڵ خارا ڕەفیقی بولبولی دڵ بێ نەسیب عیللەت و ئیشی خودا ئیشکالە تەفسیری نییە سەیدی وەحشی دەستەمۆ بێ چاکە نەک سڵ کا بە هیچ بازی تۆ ئیمڕۆ کە چونکە تابی نەخچیری نییە گەردشی ئاخر زەمانە و شۆڕشی دەوری قەمەر نوور و زوڵمەت بۆیە لای کەس فەرق و تەوفیری نییە ئەهلی دانا قەت لە ناری ناگرێ هەرگیز غەڵەت چونکە نەفسێکی ئەدیب و عاقڵ و ژیری نییە ++++++++++++++++++++++