شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: خودا عەدلی لە لای عارف عەیانە سوئالی تایەر بەگ لە ناری: خودا عەدلی لە لای عارف عەیانە بە حەققەت ئێمە گەللەین، ئەو شوانە! لەبەر چی وا مەڕی خۆی مەردی چووپان، بە دەستی خۆی ئەخاتە بەر نیشانە؟ ئەگەر موئمین بە حەققەت دۆستی حەققن، چییە حیکمەت دەلیلی ڕووسیانە؟ موقەددەر بوو کە گەندوم بێ بە ڕزقی لە ئادەم بۆچ ئیتر دەگرێ بەهانە؟ کە تیرئەندازی چابوک دڵ بپێکێ! قەباحەت کەی لە سەر حەڵقەی کەوانە؟ کە ئەو ڕوخساری دڵ بێنێتە پێشۆ نەسیبی بولبولان داد و فوغانە لە ڕۆژی خۆی عەمەل قسمەت کراوە لە بەر چی تۆ دەڵێی فیعلی خۆمانە؟ کە وا بوو ئاگری دۆزەخ لەبۆمان چ لازم دێ بکێشێ وا زەبانە ئەگەر خەلقە لە بۆمان ئیختیارێ لەبەر چی یەک بچووک و یەک کەلانە یەکێ بۆ پارە نانێ جان فرۆشە یەکێ حەققی نییە شاهی جیهانە یەکێ سوڵتانی قەسری زەڕ نیگارە یەکێ بێ جێگە و بێ خانومانە یەکێ دایم خەریکی عەیش و نۆشە یەکێ کوژراوی شمشێری دەبانە یەکێ قاڕوونی دەوڵەت هەم عینانە یەکێ موحتاجی سککەی یەک قڕانە جوابی ناری بۆ تایەر بەگ: سوئالت ئەی سوخەن سەنجی زەمانە ئەساسی عیجز و تەشویش و مەلانە حەقیقەت قسمەتی ئەحواڵی عالەم دەلیلی زەبت و ئەحکامی نیهانە کەسێ عارف بە حوکمی پادشایە کە مەحرەم بێ بە ڕازی خەسرەوانە وەلێ مەجبوورە فیکرم بۆ جەوابت ئەگەر چی عاجزی دەوری زەمانە تەریقی لانسلِّم با نەمێنێ نەبێتە بەحس و گاڵەی مازووانە بەڵێ عەدلی خودا وەک میهری ئەنوەر لە لای ئەهلی بەسیرەت بێ گومانە وەکو سەمع و بەسەر عیلم و حەیاتی کەلامی قودرەت و زاتی عەیانە لە بەینی کەسبی عەبد و خەلق و خالیق تەفاوت وەک زەمین تا ئاسمانە کە کەسبی مەسدەر و حوسن و قەباحەت قەباحەت وەسفی کسبی عاسیانە خوا بێ نەقسە وەسفی زات و خولقی بە ئەحسەن خولقە مەشهووری جیهانە بەڵێ حەق ڕاعییە، گەللە خەلایق عیبادەت ڕۆن و شیر و تووکیانە پەزی بێ فەرع و پەشمە و عەبڕەش و لەڕ سزاواری سەگی یۆنانییانە کەسێ لادا لە جیلوەی حوسنی عیشقی ئەکێشێ نێشی نەشتەر بولبولانە نییە نەقس و زەلیلی دەستی ڕووسی جەزای زیللەت کە قەسری حۆرییانە تەماشا کە لە بۆ تەعلیمی عیرفان فەلاقەی کوڕ دەکەن ئەم ڕۆمییانە جەهەننەم با لە جۆشا بێ، جەهەننەم چ بیمێ بۆ گرۆهی موئمینانە بە موئمین چی سەقەر، دۆزەخ، جەهەننەم مەقامی ڕووسیان و ڕووسیانە ++++++++++++++++++++++