شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: ئەی دڵی شەیدا بەشارەت بێ کە یارم هاتەوە سەبارەت: بە بۆنەی گەڕانەوەی شێخ مەحموودی حەفیدەوەیە لە هیندستان لە دەسبەسەری ئەی دڵی شەیدا بەشارەت بێ کە یارم هاتەوە یەعنی سەرمایەی ژیان و ئیعتبارم هاتەوە! وەزعی بەدحاڵی بپرسە قوڕبەسەر غەم چی ئەکا ئەفسەری ئیقباڵ و تاجی ئیفتیخارم هاتەوە! موودەتێ دوور بوو لە گوڵ، خاکی وەتەن بێ جیلوە بوو جیلوەبەخشی گوڵشەنی باغی دیارم هاتەوە! بەرقی شادی هات و ماتەم ڕویی و مشکین بوو نەفەس ساحیبی شمشێر و خامەی موشکبارم هاتەوە سینە وەک نەی، دڵ وەکوو بەربەت، نەفەس وەک یاسزی موتریبا فەرموو! پەیاپەی غەمگوسارم هاتەوە گەرچی من مابووم بە ڕۆژ و شەو لە کونجی زەیقەتا پڕتەوی میهر و مەه و لەیل و نەهارم هاتەوە بێنە گەردش ساقیا! وەک مەنزەرەی من جامی مەی وەختی ڕەقس و عیشرەت و نەشئەی خومارم هاتەوە نەزمی من وەک قەند و فەرشی سەحنی دیوانم غەزەل شاهی تووتی مەشرەبی گۆشەی تەلارم هاتەوە گوڵبەنی نازک لە گوڵزارا وەها پشکووتووە بولبولی ئاوازە خوانی لالەزارم هاتەوە! ناوی بێ نەزم و پەرێشانی لە موڵکی دڵ نەما ڕەونەقی گوڵزار و نەزمی ڕۆزگارم هاتەوە گەردی دامانی بە کەس ناگا، نەکا هەر کەس خەیاڵ سورمەیێ بۆ ئێشی چاوی ئەشکبارم هاتەوە وا لە خۆشیدا پەشۆکاوم کە نازانم ئەمن حەزرەتی مەحموودە، یا مەحبووسی پارم هاتەوە گەر بیری ناری یا غەفڵەت هەتا کەی سەعبە بێ خانی ساحیب هیممەت و جاه و ویقارم هاتەوە ++++++++++++++++++++++