شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: بە ئاه و ناڵە مەشغووڵم لە نەغمەی ساز و تارم چی سەبارەت: ئەم شیعرەی بۆ شێخ مەحموودی حەفیدزادە ناردووە لە ١٩٣١ تا ١٩٣٣ لە ناسریە دەستبەسەر بووە بە ئاه و ناڵە مەشغووڵم لە نەغمەی ساز و تارم چی ئەسیری میحنەت و دەردم لە سەیری نەوبەهارم چی لەگەڵ خاری غەما جووتم، لە عەیشی گوڵشەن ئازادم نەخۆشی دەردی هیجرانم، لە خۆشیی لالەزارم چی لە پایەی گردی سەیوانی فیراقت بێ نەوا ماوم لە ناز و نیعمەت و گەنج و مەتاعی ئەهلی شارم چی مەحەللەی گۆیژەی شەوقم سەراسەر پاکی وێرانە لە کەیف و سوحبەت و سەیران و چەشمەی سەرچنارم چی بەبێ تۆزی ڕیکابی تۆ، کە چەتری خەسرەوی سەر بوو لە تەختی مەسنەدی دارا و تاجی شەهریارم چی! بەبێ سایەی وجودی تۆ، کە سەرمایەی حەیاتم بوو لە سایە و سێبەری شمشاد و سەروی جۆیبارم چی! بەبێ شەمعی جەمالی تۆ کە پەروانەی دڵی من بوو لە شوعلە و شەعشەعەی بەنزین و مەه خورشید و نارم چی هەتا چۆڵی بیابانی فیراقت ماڵ و مەئوامە لە سەیری قەسری شیرین و لە ئەیوان و تەلارم چی موریدی میحنەت و دەردم، غەمی تۆ پیر و مەولامە لە مرقەی سۆفی و هاوار و جەزبەی تۆبەکارم چی! لە لەوحی سینەما، تا قامەتی ئەلفت خەیاڵم بێ لە «فێ و ڕێ و شین»ی مەنزڵی بێ یار و تارم چی تەبیبم غەم، جەفا هەمدەم، ئەلەم هەم قووتە هەم مەرهەم خەریکی شیوەنم دەم دەم، لە ڕەنج و غەم گوسارم چی کە بۆ من دەردی دووریی ئافەتی ڕۆح و سەر و ماڵە لە شۆر و لۆمە و فیتنەی زەمانە و ڕۆژگارم چی! بە پیری دڵ شکستی تەکیەگاهی چۆڵی «پیران»م لە زیکری پیری هەورامان و بەحسی شالیارم چی! کە من غەرقی زرێباری غەمی تۆ بم لە بێلوودا لە ناڵە و شیوەن و دەرد و غەمی ئەغیار و یارم چی! مەدینەی ناسریەی دڵ بە یادی تۆ کە ئاوایە لە مەعموورەی عیراق و تورک و چین و قەندەهارم چی! وتی نەفسم! بە خزمەتچی قبووڵم کە، وتی: هەی دەی لە خزمەتچی سەگ و مەلعوون و پیس و نابەکارم چی! لەگەڵ بەد ئەسڵدا وەک ئەو، نەتیجەی ئولفەت و مەیلە کە وا بێ من لە مائیل بوونی مار و گورگە هارم چی! بڵێ ناری لە کونجی میحنەت و غەمدا هەتا ماوی بەبێ «بازی فەرەح» ئاخر لە سەیران و شکارم چی ++++++++++++++++++++++