شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: کە جێ جیلوەی ڕوخی والایە ئیمڕۆ کە جێ جیلوەی ڕوخی والایە ئیمڕۆ سولەیمانی ئەڵێن ئاوایە ئیمڕۆ حیجاز ئاسا لە سەفحەی خاکی ڕۆما حەقیقەت شاری بێ هەمتایە ئیمڕۆ لە سایەی تۆیە وا ڕەونەق شکێنی شکۆهی بەسرە و بەغدایە ئیمڕۆ لە نێو فنجانی دڵدا خوێنی جەرگم وەکوو قاوەی یەمەن ئاسایە ئیمڕۆ ئەگەر جۆیایی ئەحواڵی عەجەم بێ سەراپا شۆڕش و غەوغایە ئیمڕۆ لە هەر جێگە مەقام و داستانێ لەتیفی عەکسی ئەحمەدشایە ئیمڕۆ مەشایەخ گەر ڕەواجی دا بە سالار لەسەر شا ئەهلی دڵ بەرپایە ئیمڕۆ نەفەرمووی بێ هونەر ئاخر بە تۆ چی؟ مەلا بۆ کۆمەکی ئازایە ئیمڕۆ لە دنیادا هەتا ناری بمێنێ بە دەست و دڵ لە لایان شایە ئیمڕۆ ++++++++++++++++++++++