شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: تا کەی بە ستەم مایلی ئەی چەرخی جەفاجۆ تا کەی بە ستەم مایلی ئەی چەرخی جەفاجۆ تا کەی لە غەمت زاری و فەریاد و خودا ڕۆ تا کەی ڕەوشی کەچ ڕەوی و فیتنە فرۆشی! بۆ نەهبی فەرەح، دەورە و جەولانی تەکاپۆ؟ بۆ نیتە لەگەڵ ئەهلی خیرەد میهر و وەفا تۆ؟ بۆ ئەهلی شەرەف عاجز و بێزارە لەدەس تۆ؟ بۆ خەسمی لەبۆ ساحیبی عیرفان و سەداقەت؟ بۆ یاری لەگەڵ تاقمی بەدتینەت و بەدگۆ؟ بۆ ئالی عەلی پارە بووە جەرگی لە داخت؟ وەک جەرگی عیراقی بە دەمی تیری هولاکۆ میهرت کە نییە، زەحمەتی بێ غایە لە سەرچی لوتفت کە نییە، میحنەت و ئازار و ئەلەم بۆ؟ کۆلارە چ حوسنی هەیە مەشغووڵە بە سەیران عەنقا چ گوناهی هەیە مەحبووسە بە قافۆ؟ بۆ زاغی سیەهچەردە، نەزەربازە لە باغا بۆ بازی سپی وێڵی بیابانە بە داخۆ ئەی خوو کەچ و کەچ باز و کەچ ئەندێش و عەمەل کەچ دانێ نەفەسێ یەک قەدەمی چاکە بە ڕاسۆ دەک تەخت و ئەساست بە دەمێ زێر و زەبەر بێ وەک نیتە دەمێ گەردش و ڕەفتاری لەسەرخۆ ناری لە فیراقی ڕوخی مەنزووری عیراقی غەرقی عەرەقی ئاهە بەدەم میحنەت و شینۆ ++++++++++++++++++++++