شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: لە دارولحوزنی دووری ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم لە دارولحوزنی دووری، ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم؟ بەبێ مەعشووقی شادی، دەس لە مل ماتەم نەکەم چی بکەم؟ ڕەئیسی تاقمی بەدبەختی سەختی کێشی ئەییامم، وەکوو وەحشی لە زومرەی ئەهلی عیشرەت ڕەم نەکەم چی بکەم؟ کە ئاهی سینە وەک جۆشی سەماوەر بێ لە جونبوشدا لە جێگەی چا لە دڵما خوێنی جەرگم دەم نەکەم چی بکەم؟ نەبوو بۆ من دەمێ غونچەی سرووری گوڵشەنی وەسڵت لە خارستانی هیجرت خاری میحنەت، جەم نەکەم چی بکەم؟ بیابانی فیراقت وادییەکی گەرم و بێ ئاوە قەناعەت گەر بە ئەشکی ئاتەشی گریەم نەکەم چی بکەم؟ موشەووەش بوو بە مەشرووتەی ئەلەم ئەوقاتی ئێرانم بە سالاری خەیاڵت فیکری دەفعی غەم نەکەم چی بکەم؟ لە شوعلەی ئافتابی تەلعەتت یەک مانگە مەحروومم لەژێر باری غەما پشتم هیلالیی خەم نەکەم چی بکەم؟ دڵم وەک ئاش و دەردم ئاشەوانە بۆ مزەی میحنەت سروشکی دەم دەمی چاوم، بە سەیلی چەم نەکەم چی بکەم؟ لە بۆ میعراجی وەسڵت بێ بوراقی پڕتەوی لوتفت لە کولبەی میحنەتی عەزمی حزوورت کەم نەکەم چی بکەم؟ عرووسی فیکری ناری زێوەری تەحسینی مەحموودە بەبێ زێوەر دەسا بووکی تەبیعەت زەم نەکەم چی بکەم؟ ++++++++++++++++++++++