شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: بە یادت کەوتە سۆزش غونچەدەم وا قەلبی بیمارم بە یادت کەوتە سۆزش غونچەدەم، وا قەلبی بیمارم لە هیجرەت هاتە سۆ دیسان، برینی پار و پێرارم هەموو نەشئەی زمستانی فیراقە سەرسەری ئاهم نیشانەی پاییزی هیرجانە زەردیی پەلکی ڕوخسارم بە شوعلەی ناری پڕ تەئسیری عاشق سۆزی دووریی تۆ وەکوو پەروانە سووتاوە دڵەی غەمگین و غەمبارم بەڵێ عیللەت بە سیحری نێرگسی مەخموری فیتنەت بوو کە وا من سەر زەدەی تانەی ڕەقیب و یار و ئەغیارم بە شەوقی دەبدەبەی سوڵتانی حوسنی ماهی ڕوخسارت بە گەردوون ئاشنایە زەمزەمەی سەمتووری هاوارم وەکوو حوسنت لە عالەمدا، قسەی من فاش مەشهوورە عەزیزم تازە مەخفی کەم ئەمن تۆماری ئەسرارم؟ ! تەماشا چەندە خۆش تەعلیمە، ئەی شیرینی بێ هەمتا لە کێوی بێستوونی وەسفی تۆ، گوڵگونی گوفتارم لە موڵکی عاشقیدا، خوسرەوێکی شۆخە دڵ، ئارێ گەواهی عیشقە، جۆش و شۆڕشی شیرینی ئەشعارم بە چاوی کەم لە ناری چاوەکەم مەڕوانە، بڕوانە لە گۆشەی مەدرەسەی عیشقت، چ شاگردێکی هوشیارم ++++++++++++++++++++++