شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: لە میوەی وشکی پایز شاهەکەم هۆشت بە پیرۆز بێ سەبارەت: بۆ شێخ عوسمانی سیراجەددینی ناردووە بۆ دووڕۆ لەسەر پاکەتەکە ئەمەی نووسیوە: لە میوەی وشکی پایز شاهەکەم هۆشت بە پیرۆز بێ ئەبێ بەشمان بنێری با بەسەر شانی بەشیرۆ بێ دەقی نامەکەی: شتێکی نەفسی خۆتم بۆ بنێرە هەتا بیکەم بە سورمەی دیدە لێرە وەلەو دەسماڵی پەنجەی پاکی تۆ بێ وەیا پەلکی لە چاکی چاکی تۆ بێ وەیا گەردێ لە سورمەی خاسی چاوت وەیا عەکسێ حیکایەت کا لە ناوت وەیا نوقڵێ لە نەقڵی لێوی تۆ کا بەیاناتێ لە میوەی لێوی تۆ کا وەیا یەک دانە قاوەی پڕ مەزە و تاڵ وەیا یەک دانە سێوی ناسک و ئاڵ وەیا یەک دانە قەزوانی بە شینی موشابیه بێ بە خاڵی تورکی چینی وەیا یەک دانە کەشکی چاکی کوردی بە لەززەت نادر و مایل بە زەردی وەیا مسقاڵە میسکێکی خەتا بێ وەیا یەک قەترە عەترێکی دەوا بێ ئەگەر مومکین نەبوو دەنکێ لەمانە ئەمن ڕازیم بە تۆزێ ڕازیانە کە دڵ پڕ ئێش و نۆشی دەردی دووریم پەرێشانی فیراق و بێ سەبووریم هەتاکەی ناریا شۆخی بە پیری لەبەر چی چوو لە دەس، قانونی ژیری ++++++++++++++++++++++