شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: من خەیاڵم وەسڵ و تۆ فیکرت فیراق من خەیاڵم وەسڵ و تۆ فیکرت فیراق من بە تۆ موشتاق و تۆ بێ ئیشتیاق چاوەکەم تا کەی لەگەڵ مەزڵوومی خۆت غوسسە پێدان و جەفا دان و نیفاق تیری عیشق و چاوی مەستت کوشتمی ئەی خودا ڕەحمێ لە دەستی جووت و تاق من بەبێ هیممەت مەزانە و بێ کەرەم سەهلە لای من بێ درۆ، تەکلیفی شاق گەر دەمێ مەقسودی دڵ بێنیتە جێ پێت دەبەخشم موڵکی شامات و عێراق وا لە کوورەی عیشقی تۆدا مورغی دڵ کەوتە سۆزە و ئاه و ناڵە و ئیحتیراق دڵ بە لێوی مایلە و لێوی بە مەی من کە ساقیم ئێستە نِعمَ الأتِّفاق قەسری دڵ وێران و بێ تەحسینە وەک مەعبەدی ڕووخاوی بێ میحراب و تاق فیکری من ناگا بە وەسفی حوسنی تۆ گەر خەیاڵم بێ بە ڕەفڕەف یا بوراق ناریا زادی سەفەر ئامادە کە ڕێگە تەی نابێ، بەبێ توێشە و تفاق ++++++++++++++++++++++