شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: دڵ بەبێ تۆ ماوەتۆ بێ شەوق و نوور سەبارەت: بۆ شێخ مەحموودی حەفید دڵ بەبێ تۆ ماوەتۆ بێ شەوق و نوور عاجز و مات و حەزین و بێ سروور حەیفە قەسری تۆ بمێنێتۆ بەبێ نەزم و گوفتاری غوڵامی بێ قسوور وا لە سەرما بێ حەواسیی بێ قیاس وا لە دڵما غەم، بە خەروار و کلوور ڕەونەقی ئاوازەیی بولبول نەما وا لە بازاڕی ڕەواجا لوورە لوور پرچی دەروێشە، بە دەم باوە ئەڕۆ هەر وەکوو پووش و پەڵاشی شارەزوور مێزەری شێخ و مەلا بۆ زیکری مەوت بوو بە ئاڵایی مەزاران و قبوور ڕۆژی عەقڵ و فەهم و عیلم و دانشە نەک خەیاڵاتی پڕ و پووچ و غروور کوشتەراتی خستە باغی مەعریفەت تاوە تەرزە و بادەوەی فیسق و فجوور قیمەتی عیلمی مەلا وەک گاڵە تاڵ وا شکاوە سەربەسەر ناچێ بە توور دەوڵەتی وێرانەیی ئێرانە وا جیلوە ئارا وەک زەمانی سەلم و توور بوو لە بۆ ئیمدادی فەیزی ئەحمەدی بێ نفووزە، خەرقە ڕەش، یا میری سوور وا بە بادەی میحنەت و دەرد و ستەم سەد دڵی دانا شکا، هەر وەک بلوور شانە بۆ سۆفی ئەبەد لازم نییە مێزەری ناوێ مەلا، تا نەفخی سوور ++++++++++++++++++++++