شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: چونکە بازاڕی غەزەل ما بێ ڕەواج چونکە بازاڕی غەزەل ما بێ ڕەواج ئێستە من مەشغووڵی جاوم، ناعیلاج تاجری بێ مایەم و هەردەم بە زۆر، پێم دەکا هەی شاڵی شەش پێ ئیحتیاج موڵکی تەن بێ مەزرەعەی دڵ ماوەتۆ تەرح و مونها بوو لە تەکلیف و خەراج کەی دەبێ جەمعیەتی خاتر لەبۆم؟ تا وجوودم لۆکە بێت و غەم هەلاج سەیری ساز و مەیکەدە لەم عەسرەدا بوو بە فەرزی عەینی و سوننەت بە باج زوڵمەتی جەهلە و نەما بەرقی «حیسام» بێ بەها ما شەعشەعە و شەوقی سیراج بەختە ئەسبابی شکۆه و سەڵتەنەت کەی بە تەختەی تەختی دارینە و بە تاج وا لە ترسی غەم لە ناری ڕەم دەکا دەم بە دەم وەک سەیدی وەحشی ئیبتیهاج ++++++++++++++++++++++