شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم مەخمووری مەی و غەمزەیی دوو نێرگسی کاڵم پاماڵی خوماری مەیە، ئیدراک و کەماڵم بێ شەمعی ڕوخی شەوقی نییە گۆشەیی ماڵم بۆ میهری وەفا، شاهیدی مەیخانەیە حاڵم دیدەکاڵ و شەمعی ماڵ و ڕوو بە خاڵم بۆ نەهات؟ کارم هەموو گریانە بە دەم میحنەت و دەردۆ مردم لە ئێش و ئۆفی قسەی دوژمن و بەدگۆ بۆ شیوەنی من دەنگی نەبوو، تورکی جەفاجۆ لەم تالیع و بەختی بەد و سەرگەشتە خودا ڕۆ تورکی چین و مەهجەبین و نازەنینم بۆ نەهات؟ بێ نەغمەیە یەک بارە چەمەن داخی گرانم گوڵشەن بە دەمێ چۆڵە، بەبێ سەروی ڕەوانم بێ شاهید و بێ مەیل و شەکەرڕێزی جیهانم وێران و پەرێشانە، عەجەب باخی گوڵانم نەو غەزال و قەد نیهال و بێ میسالم بۆ نەهات؟ شیعرم وەکوو مەی باعیسی ئەنواعی نیشاتە سەرمایەیی شۆر و تەرەب و عەیش و حەیاتە! تووتیی دڵەکەم مونتەزیری قەند و نەباتە! بۆ نوقڵی دڵی عاجز و بێ سەبر و سوباتە! بادە نۆش و قەند فرۆش و سورمە پۆشم بۆ نەهات؟ شەیدا سیفەت و عاجز و بێ سەبر و شەکیبم ئاشوفتە و سەرگەشتە و بێ یار و حەبیبم هەر من لە تەرەب عاشقی بێ سەهم و نەسیبم گیرۆدەیی دەردی ستەم و دەستی ڕەقیبم تورکی جەنگ و شۆخ و شەنگ و لالە ڕەنگم بۆ نەهات؟ بەهبەه لە گرۆهی سەفی مەستانە حیسابم لای مورشیدی مەیخانە مولەققەب بە جەنابم هەم ساقی و هەم جورعەکەشی جامی شەرابم ئوستادی نەی و تار و مەی و چەنگ و ڕوبابم بادە خواه و موو سیاه و کەچ کولاهم بۆ نەهات؟ بێ نەشئەیی دیدەم، شەوی یەڵدایە مەقامم خاڵی لە شەمیمی گوڵ و شەوبۆیە مەشامم چونکوو ئەسەری قەت نییە، ئەنجامی مەرامم بێ ڕەونەق و تەرتیبە، گوڵی نەزم و کەلامم نووری چاو و بۆ گوڵاو و توڕڕە خاوم بۆ نەهات؟ بیمار و نەخۆشم، بە غەم و میحنەت و هیجران ئیشم بە هەموو دەم بووەتە شیوەن و گریان ئارامی نەما مورغی دڵم، مات و پەرێشان بۆ ڕەحمی نەبوو، لوتفی نەما کەس بە غەریبان؟ دیدە باز و عیشوە ساز و دڵ نەوازم بۆ نەهات؟ بێ یارم و بێ هەم سوخەن و هەم نەفەسێکم بێ هەمدەم و بێ یار و بەبێ دادڕەسێکم بۆ نوکتەیی شیرین نەفەسی وەک مەگەسێکم موحتاجی نیگاه و نەزەری میهری کەسێکم هەم زمان و نیکتەزان و میهرەبانم بۆ نەهات؟ ناری چییە لوتفی نییە دەربانی نیگارم؟ سووچت چییە لاتاقمی دیوانی نیگارم؟ بتکەم بە فیدای توڕڕەیی فەرمانی نیگارم تۆ بێژە بە یاران و غوڵامانی نیگارم ئەمری شاه و حوکمی جاه و دەفعی ئاهم بۆ نەهات؟ ++++++++++++++++++++++