شاعیر: ناری کتێب: دیوانی ناری سەرناو: ئەی ئەمن قوربانی خاکی خانەقات ئەی ئەمن قوربانی خاکی خانەقات قوتبی کامیل، مورشیدی شیرین سیفات شاهی تەختارایی موڵکی مەعریفەت شەمعی پڕتەوبەخشی ئەربابی نەجات لایەقی ئەمڕۆ لەبۆ تەفسیری «نوون» شاریحی بۆ «مائیدە» و سوورەی «بەرات» شک نییە مەنزووری زومرەی ئەولیام گەر بگا دەستم بە داوێنی کەوات ساعەتێ گەر دەس بدا فەیزی حوزوور یەک دەقیقە قیمەتە بۆ سەد سەعات ئانی ئەو نادەم بە سەد ئانەی ڕەواج سانیەی نادەم بە سەد کاسەی نەبات تۆ بە دڵ کانی وەفا، من بێوەفا بێوەفایی من بە قوربانی وەفات ڕوکنی ئادابی شەریعەت تا ئەبەد مونهەدیم نابێ بە تەئویلاتی لات وا لە گەردشدا وەکوو پەروانە دڵ مایلی سووتانە، بۆ شەمعی لیقات شافییە بۆ دەردی بێکەس یادی پیر کافییە بۆ بێنەوا، گەنجی لەقات بۆ کەسانێ کەسبی هاتی بوو کەهات بۆ یەکێ وەک من نەهاتی بوو، نەهات نەزمی بیری وەک گوڵی بێ ئاو و سیس ڕەغبەتی فەوتاوە لای ئەهلی وڵات ++++++++++++++++++++++