شاعیر: شێخ ڕەزا کتێب: دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی سەرناو: دەردی حەبیب دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب وەرە سا بەشقی خودا دەس لە یەقەم بەردە تەبیب وەرە دەستێ بخەمە گەردەنی بلوورینت تا وەکوو سفرە لە داخا بدڕێ ورگی ڕەقیب تالعم نەحسە دەترسم کە بە ئازاری فیراق بمرم و ڕۆژێ نەبێ دەوڵەتی وەسڵم بە نەسیب چاوی فەتتانی ئەتۆ ساحیرە یا جادووگەرە کە بە یەک عیشوە ئەدا عابیدی سەد ساڵە فریب تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە ئەی ڕاحەتی گیان مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب بێ فەراز نابێ نەشیب ئەم قسە تەحقیقە وەلێ من لە ڕێی عەشقی تۆ نەمدی بە خودا غەیری نەشیب قەیدی زوڵفە لە سەر سەفحەیی ڕووت سابیتە یا تیبەت و تیبە کە مەمزووجە لەگەڵ زینەت و زیب شێخ دەگۆڕێتەوە گەر چاوی بە زوڵفت بکەوێ خەرقە و سەبحە بە زوننار و چەلیپا و سەلیب تاقەتی تاق بوووە بێچارە لە ژێر باری فیراق بکە ڕەحمێ بە ڕەزا، چاکە تەرەححوم بە غەریب ++++++++++++++++++++++