شاعیر: شێخ ڕەزا کتێب: دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی سەرناو: ڕوخاندی گەردشی گەردوون لە ھەر جێ ئاستانێ بوو سەبارەت: بۆ موراد ئاغای ئاکۆ ڕوخاندی گەردشی گەردوون لە ھەر جێ ئاستانێ بوو سوتاندی چەرخی دوون پەروەر لە ھەر کوێ ئاشیانێ بوو وەکو تەییی سجل للكتب پێچایەوە گەردوون لە ھەر مھمانسەرا ئاساری سفرە و نان و خوانێ بوو بە حاتەم گەر بکەی تەشبیھی ئەم ئاغایە بێ عەقڵی کە فەرقی ئەم لەگەڵ ئەو ئاسمان و ڕێسمانێ بوو درێغ بۆ خانەدانی مارف ئاغای سەروەری ئاکۆ کە جێگەی عەیش و عەشرەت، مەنبەعی ئەمن و ئەمانێ بوو لە جوود و بەخشش و ئەنعامی خۆی و قەوم و ئەتباعی وەکوو شانامە و ڕۆستەم لە ھەر جێ داستانێ بوو کەیومەرسی دووەم، جەمشیدی سانی، خوسرەوی سالیس سولەیمانی زەمان، ئەسکەندەری ساحێبقڕانێ بوو شەوی وەک زوڵفی یارە و ڕووی حەسوود و بەختی من تاریک لەگەڵ دیجوور و یەلدا وا حیساب کە تەوئەمانێ بوو بە نامەردی شەھیدیان کرد وەکوو حەمزە و عومەر، دوژمن موراد ئاغا کە ڕۆژی جەنگ و دەعوا قەھرەمانێ بوو کەسێ ئەم سەروی ڕەعنایەی لە پێ خست گەردنی بشکێ چ زێبا سوورەتێ، یا ڕەب، چ شیرین نەوجەوانێ بوو مورادیان بۆیە ناو نابوو لە وەختی بەخشش و ئینعام لەبۆ بابی موراد دەستی کەریمی نەردەبانێ بوو لە حەق شێخ و مەلا و دەروێش و سۆفی سائیل و سەییاح وەکوو حاتەم شەفیق و دڵنەواز و میھرەبانێ بوو ئیتر نەتبێ لە موڵکی ڕۆم ڕەزا ئوممێدی ئاسایش لە پێش ئەم کارەدا ھێشتا ئومێدی پارچە نانێ بوو ++++++++++++++++++++++